پەیامنێری کوردستان تیڤی ڕایگەیاند کە بەپێی بڕیارە نوێیەکە، هەموو ڕێکارەکانی بەقەزابوونی قەرەتەپە پووچەڵ کراونەتەوە و ناوچەکە وەک ناحیەیەکی سەر بە قەزای خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالە دەمێنێتەوە. هاوکات دادگای باڵای کارگێڕیی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەک بنەمایەکی نەگۆڕی یاسایی، لەمەودوا ڕێگە نادرێت هیچ گۆڕانکاری و دەستکارییەک لە سنوری کارگێڕیی ئەو ناوچانەدا بکرێت کە دەکەونە چوارچێوەی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقەوە.
هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە پێشتر هادی عامری، وەک سکرتێری گشتیی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە ئەنجومەنی وەزیران، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە دادگای باڵای کارگێڕیی عێراق کردبوو ڕێگری لە پارێزگای دیالە بکات لە بەقەزابوونی قەرەتەپە.
لە نووسراوەکەدا هۆشداری درابوو لەوەی ناوچەکانی (خانەقین، جەلەولا، سەعدیە، قەرەتەپە، جەبارە، مەندەلی، کفری) لە سنووری دیالە ناوچەی جێناکۆکن و هەر دەستکارییەکی سنوور و پێگەی کارگێڕییان دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیش ماددەی 140 بە کارایی ماوەتەوە و نابێت پێش جێبەجێکردنی تەواوەتیی ماددەکە هیچ گۆڕانکارییەکی ئیداری ئەنجام بدرێت.







