هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە کاتژمێر 11:00ـی شەوی ڕابردوو بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" وەسف کرد، هەروەها ڕایانگەیاند کە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی ئەم هێرشە تیرۆریستییە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا بە هاوبەشان هەبێت و لە زووترین کاتدا بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، سلێمانی، بازیان، چەمچەماڵ و دهۆک ڕاگیراوە و بڕی وزەی لەدەستچوو دەگاتە نێوان (2500 بۆ 2800) مێگاوات، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد بۆ ڕێگریکردن لە کوژانەوەی گشتی، وەزارەت لە ڕێگەی کارپێکردنی وێستگەکانی بەنداوی دووکان و دەربەندیخان و وێستگەکانی دیکە بە سووتەمەنیی بەدیل، کارەبا بۆ شوێنە هەستیارەکانی وەک نەخۆشخانەکان و وێستگەکانی ئاو دابین دەکات و ئاساییبوونەوەی دۆخەکەش بەندە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز لە کۆرمۆرەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش ئاشکرای کرد کە درۆنەکە لە بەشی گازی شلی (LPG)ـی کێڵگەکەی داوە و کۆگا و بۆڕیی گواستنەوەی پێکاوە، هەرچەندە زەنگی ئاگادارکردنەوەی ڕادار لێی داوە و کارمەندان لە ژێر دیوارە کۆنکرێتییەکان خۆیان پاراستووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیستەمی بەرگریی دژەئاسمانی هێرشەکە زیانی لێکەوتووەتەوە، هەروەها بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە پێویست بووە تەواوی سیستەمەکە و هەناردەی گاز ڕابگیرێت، کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر وێستگەی تازە لە چەمچەماڵ، هەولێر، بازیان و کەرکووک دەبێت، شایەنی باسە ڕۆژانە زیاتر لە (170) تانکەر لەوێ کار دەکەن و ڕۆژانە (1400 بۆ 1500) تۆن گاز بار دەکەن.







