لە نووسراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە، ئەو شەپۆلە لافاوەی بەهۆی بارانی بەخوڕەوە پارێزگای هەولێری گرتەوە، زیانی گەورەی گیانی و ماددیی بە ماڵ و سامانی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی گەیاندووە، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ بەپەلە ئەرکی خۆی لەم کارەساتە مرۆییەدا جێبەجێ بکات.
فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات کە شاندێکی تایبەتمەندی حکوومەتی فیدراڵ ڕەوانەبکات بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندەکانی بەڕێوەبردنی قەیران، سەرژمێرییەکی گشتگیر بۆ قەبارەی زیانەکان ئەنجام بدەن.
هەروەها فراکسیۆنی پارتی داواش دەکات کە هاوکاریی دارایی بەپەلە لە بودجەی فریاکەوتنی عێراق (موازنة الطوارئ) بۆ زیانلێکەوتووان بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانیا تەرخانبکرێت.
فراکسیۆنی پارتی جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەدواداچوونی بەردەوامیانە بۆ زامنکردنی ماف و شایستەی هاووڵاتییان لە کاتی ڕوودانی کارەسات و باری نائاساییدا.







