ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەشدا بڵاویان کردەوە: لە ئەنجامی چاودێری و بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمانەوە، توانیمان سێ تۆمەتبار بە تۆمەتی ئەنجامدانی دوو تاوانی کوشتنی جیاواز دەستگیر بکەین.
لە ڕوونکردنەوەکەدا وردەکاریی ڕووداوەکان بەم شێوەیە خراوەتەڕوو:
یەکەم: لە ڕێکەوتی 21ـی تەمووزی 2026، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، تاوانێکی کوشتن لە پیشانگاکانی ئۆتۆمبیل لەسەر ڕێگای مەخموور ڕوویدا و هاووڵاتییەک بە ناوی (ئیدریس ساڵح) کوژرا، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون، ناسنامەی تۆمەتبارەکان دەستنیشانکرا و دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ع. م. ی) و (ڕ. م. ی) دەرکرد، لە ڕێکەوتی 8ـی تشرینی دووەمی 2026ـیش تۆمەتبارەکان خۆیان ڕادەستی هێزەکانمان کرد.
دووەم: لە ڕێکەوتی 7ـی تشرینی دووەمی 2026، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە گەڕەکی منارەی شاری هەولێر، هاووڵاتییەک بە ناوی (ئاسۆ سابیر) کوژرا، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون و وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتباری بکوژ بە ناوی (د. ق. ع) خۆی ڕادەستی هێزەکانمان کرد.
لە کۆتایی ڕوونکردنەوە هاوبەشەکەدا، هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر سوپاسی هاووڵاتییانیان کرد کە هەمیشە لە پاراستنی ئاسایش و دۆزینەوەی تاوانباراندا هاوکار و هەماهەنگن لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکاندا.







