ئەمڕۆ دووشەممە9ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەسەر ڕەوشی کارەبای نیشتمانی و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە و خشتەیەکی نوێی کارکردنی بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان ڕاگەیاند.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر و سەرۆکی ئەنجومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان بەڕێوە چوو، بڕیاردرا بە پابەندکردنی سەرجەم خاوەن مۆلیدەکانی سنووری ناوشاری هەولێر بە خشتەیەکی نوێی کارکردن تا ئەو کاتەی دۆخی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە.
خشتەی نوێی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەولێر:
🔹 بەیانیان: لە کاتژمێر 7:00ـی بەیانی تا 9:00ـی بەیانی.
🔹 نیوەڕوان تا درەنگانی شەو: لە کاتژمێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆ تا 1:00ـی شەو.
لە بڕیارەکەدا جەخت کراوەتەوە کە لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی لەم دوو ماوە دیاریکراوەدا، مۆلیدەکان ڕاستەوخۆ کار دەکەن؛ هاوکات کارکردن لە دەرەوەی ئەم خشتەیەی دیاریکراوە بە هیچ شێوەیەک بۆ خاوەن مۆلیدەکان ئەژمار ناکرێت.







