مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی نووسەر، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان، خوالێخۆشبوو (فەرهاد محەمەد) بڵاوکردەوە و پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵە، هاوکاران و ڕۆشنبیرانی کوردستان کرد.
لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە: بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی نووسەر و ڕۆژنامەنووس خوالێخۆشبوو (فەرهاد محەمەد) ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیمان و، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵانمان پێگەیشت؛ بە نیگەرانییەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان، خزم و کەسوکار و سەرجەم هەڤاڵ و هاوکارانی دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە: خوالێخۆشبوو کادیر و کەسایەتییەکی دیار و ماندوونەناسی بواری ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیری بوو، ڕۆڵ و جێدەستی لە بواری ڕاگەیاندن و میدیای پارتیماندا دیار و بەرچاو بوو.
لە کۆتایی پرسەنامەکەدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی لە خودای گەورە داوا دەکات گیانی پاکی خوالێخۆشبوو بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات، هاوکات سەبووری و ئارامی بە بنەماڵە و خزم و دۆستانی ببەخشێت.







