لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دوای ئەو تاوانە گەورە و جینۆسایدەی داعش بەرامبەر بەها مرۆییەکان، شوناس و خەڵکی ئێزدی ئەنجامیدا، بە هەڵمەتێکی کەموێنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە فەرماندەیی مەیدانیی سەرۆک مەسعود بارزانی، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بەر لە 11 ساڵ، شنگال بە بەخشینی خوێنی 500 شەهید و 3,000 برینداری پێشمەرگە ئازاد کرا.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان جەختی کردەوە کە پاراستنی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی خوشک و برا ئێزدییەکان ئەرکی سەرەکییە، هاوکات سەرکۆنەی هەر هەوڵێک دەکات کە دۆز و ئازاری ئەوان بۆ مەرامی سیاسی بەکاربهێنێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، پەرلەمان داواکارییەکانی بۆ چارەسەری دۆخی شنگال خستەڕوو:
پێویستە ڕێککەوتنامەی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
خەڵکی ناوچەکە و ئێزدییەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
هێزە چەکدارە نایاساییەکان لە سنوورەکە دەربچن و ناوچەکە جێبهێڵن.
ئاوارەکان بە شکۆمەندی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و قەرەبووی ماددی و مەعنەویی زیانەکانیان بۆ بکرێتەوە.







