نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمەریکا (FBI) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: هاککەرانی ئەلیکترۆنی کە لەلایەن کۆریای باکوورەوە پاڵپشتی دەکرێن، توانیویانە بە بەکارهێنانی شێوازێکی فێڵکاریی ئەلیکترۆنیی زۆر کاریگەر کە پشت بە دزینی ناسنامە و پەیوەندیی ڤیدیۆیی ساختە لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە دەبەستێت، زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار بدزن، ئەمەش پاش ئەوە دێت کە پێشتر لەم مانگەدا، FBI هەمان تۆڕی هاککەرانی بە دزینی شەش ملیار دۆلار لە پلاتفۆرمی دراوی دیجیتاڵیی "باینانس" تۆمەتبار کردبوو، هەرچەندە پیۆنگ یانگ ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.
بریت لیدەرمان، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ڕایگەیاند: "ڕژێمی کۆریای باکوور پشتبەستووە بە داهاتی دزینی بەرفراوانی دراوە دیجیتاڵییەکان بۆ دابینکردنی دارایی بەرنامە نایاساییەکەی چەک، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا ملیاران دۆلاری دزیوە"، هەروەها نووسینگەکە ڕوونیکردەوە کە هاککەرەکان جیا لە باینانس، بە چڕی ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە لە کەرتی دراوە دیجیتاڵییەکان و تەکنەلۆژیای (Web3) کار دەکەن لە ڕێگەی دەستکاریکردنی دەروونییەوە.
ئەم پڕۆسە فێڵکارییە کە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ناوی ناوە "فەیس ستێلەر" (FaceStealer)، لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا بووەتە هۆی دزینی زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار، تێیدا هاککەرەکان خۆیان دەکەنە کەسانی ناسراوی لای قوربانییەکان بۆ ئەوەی ڕایانکێشنە ناو کۆبوونەوەی ڤیدیۆیی و گرتەی ساختە بە تەکنەلۆژیای (Deepfake) بەکار دەهێنن، پاشانیش کێشەیەکی تەکنیکیی وەهمی دروست دەکەن بۆ ئەوەی قوربانییەکە کلیک لەسەر لینکێک یان پەیامێکی سەر شاشەکە بکات، کە دەبێتە هۆی دابەزاندنی بەرنامەی زیانبەخش بۆ سەر ئامێرەکەی.
لە ڕێگەی بەکارهێنانی لیستەکانی پەیوەندی و هەژمارەکانی سۆشیال میدیا و ئەپەکانی پەیامگۆڕینەوە، هاککەرەکان ناسنامەی قوربانییەکان دەدزن بۆ ڕاوکردنی کەسانی نوێ، لەم بارەیەوە پاتریک گراندی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی FBI لە لۆس ئەنجلۆس هۆشداری دا کە ئەم شێوازە تەنانەت دەتوانێت شارەزاترین بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەریش بخەڵەتێنێت، چونکە سوود لە متمانەی خەڵک بە کۆنفرانسە ڤیدیۆییەکان وەردەگرێت، لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە کە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی دەستی بەسەر زیاتر لە 900 تۆماری ڤیدیۆیی کامێرای وێبدا گرتووە کە لە قوربانییانی پڕۆسەی "فەیس ستێلەر" تۆمار کراون.







