کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم پچڕانە و دەستیان بە داگیرساندنەوەی سێرڤەرەکان کردووە، بەڵام هۆشداریشی دا لەوەی ڕەنگە سێرڤەرەکان لەگەڵ گەیشتنی لێشاوی بەکارهێنەران دووبارە لە وەڵامدانەوە بوەستن، لە ئێستاشدا سەرقاڵی شیکردنەوەی داتاکانی دەستنیشانکردنی کێشەکەن بۆ زانینی هۆکاری سەرەکیی پەردەپۆشبوونی ئەم دۆخە.
تۆنی بێرک، وەزیری کاروباری ناوخۆی ئوسترالیا ڕایگەیاند کە مایکرۆسۆفت پێیوانییە ئەمە هێرشێکی ئەلیکترۆنی بێت، بەڵکو پێشبینی دەکەن هاوشێوەی ڕووداوەکەی پێشووی (کڕاودسترایک) بەهۆی هەڵەیەکەوە لە ئەپدەیت و نوێکردنەوەیەکی سیستەمەکەدا ڕوویدابێت.
ژمارەیەک دامەزراوەی حکومی و کۆمپانیا لە نیوزلەندا بەهۆی لەکارکەوتنی سیستەمەکانەوە ناچار بوون بگەڕێنەوە سەر کارکردنی دەستی، هاوکات دەستەی کۆچی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە مامەڵەی پێدانی هەموو جۆرە ڤیزایەکی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە.
دامەزراوەی تەندروستیی "یونیتی هێڵس تۆرۆنتۆ" لە کەنەدا بەهۆی لەکارکەوتنی سیستەمی ژێرخانەوە باری نائاسایی (کۆدی خۆڵەمێشی) ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەش کرد کە سیستەمی پۆستی ئەلیکترۆنی پەکیکەوتووە، بەڵام چاودێری و دۆخی نەخۆشەکان پارێزراوە و نەخۆشخانەکانیان بە کراوەیی ماونەتەوە.







