حەکیم جێفریز، ڕێبەری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە پارتەکەی بە تەواوی کار بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران و پێداچوونەوەی ورد بە خەرجییە داراییەکانی حکوومەت دەکات، جەختیشی کردەوە کە قۆناغی داهاتوو شاهیدی جووڵەی بەهێزی یاسادانان و چاودێری دەبێت بۆ لێپرسینەوە لە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئیدارەی ئەمەریکا.
جێفریز لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، دیموکراتەکان لە کارنامەی نوێی خۆیاندا سەرنج دەخەنە سەر: کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ تاران، چارەسەرکردنی گرانیی تێچووی بژێویی ژیان، بەهێزکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، و خستنەژێر چاودێری و لێپرسینەوەی تەواوی خەرجییە سەربازی و حکوومییەکان.
ڕێبەری دیموکراتەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتەکەی سەرجەم ئامرازە دەستووری، یاسادانان و چاودێرییەکانی بەردەستی بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی فشار لەپێناو ڕاگرتنی جەنگدا، و دڵنیابوونەوە لەوەی کە پارەی باجدەرانی ئەمەریکی ئاراستەی لەپێشینە ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی هاووڵاتییانی ئەمەریکا دەکرێت.
ئەم هەڵوێستەی سەرکردایەتیی دیموکراتەکان دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس دێت کە لە 3ـی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەچوو، تێیدا پارتی دیموکرات سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا و توانی کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران لە دەستی کۆمارییەکان دەربهێنێتەوە.
بڕیارە کۆنگرێسی نوێ لە 3ـی کانوونی دووەمی 2027 بە فەرمی دەستبەکار بێت، هاوکات سەرکردەکانی پارتی دیموکرات بەڵێنیان داوە پرسی ڕاگرتنی جەنگ لەگەڵ ئێران بخەنە پێشەنگی کارنامەی یاسادانانی خولی نوێی دەسەڵاتیان لە کاپیتۆڵدا.







