هێرشەکە کاتژمێر 15:00ـی دوێنێ چوارشەممە لە گۆڕەپانی بازاڕی ناوەندیی شاری کراکۆڤ دەستیپێکرد، کاتێک چەکدارەکە بە ئۆتۆمبێلەکەی چوو ناو قەرەباڵغیی گەشتیاران و دەستڕێژی گولـلەی "هەڕەمەکی" کرد. هێزە ئەمنییەکان لە ماوەی سێ خولەکدا گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و پاش ئاڵوگۆڕی تەقە، توانییان هێرشکارەکە بریندار بکەن و دەستگیری بکەن.
لە هێرشەکەدا 4 ژن و 2 پیاو گیانیان لە دەستدا، کە یەکێکیان هاووڵاتییەکی بەریتانی بووە. 16 کەسی دیکەش بریندار بوون کە بریتین لە هاووڵاتییانی (نەمسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، پورتوگال و ڕووسیا) لەگەڵ دوو ئەفسەری پۆلیس، کە دۆخی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە. هەروەها پاش پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکە لە شاری "ئۆسترۆڤیتس"، پۆلیس تەرمی سێ کەسی دیکەیان دۆزییەوە.
تۆمەتبارەکە گەنجێکی 25 ساڵانی پۆڵەندییە و بە "نەتەوەپەرستی توندڕەو" وەسف کراوە. لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی دۆزراوەتەوە. دۆناڵد توسکی سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا هێرشەکەی بە "کردەوەیەکی دڕندانە" ناو برد و سێ ڕۆژ ماتەمینیی گشتیی لە شاری کراکۆڤ ڕاگەیاند.
ڕووداوەکە کاردانەوەی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە و سەرکردەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا، یەکێتیی ئەورووپا و ئۆکراینا بە تووندی هێرشەکەیان ئیدانە کرد و هاوسۆزیی خۆیان بۆ گەلی پۆڵەندا دەربڕی.







