لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی 6ـی نۆڤەمبەری 2026 بڵاو کراوەتەوە، نووسینگەی نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسرائیل ئەمڕۆ خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز و جێگیرە. هەروەها بڕیارەکەی ترەمپی بە "نیشانەی هێزی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات" ناو بردووە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە 3ـی ئەم مانگەدا ڕای گەیاندبوو، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ نەتانیاهۆ کردووە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، هاوکارییە سەربازییەکان تا کۆتایی ئەمساڵ ڕادەگیرێن. جێگەی ئاماژەیە ساڵانە ئەمریکا بە بڕی 4 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی پێشکەشی ئیسرائیل دەکات و بڕیار بوو ڕێککەوتنەکەی ئێستا تا ساڵی 2028 بەردەوام بێت.
بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئیسرائیل، ئەم بڕیارە کتوپڕەی ترەمپ کە هاوکات بوو لەگەڵ شکستە سیاسییەکەی لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس، بووەتە هۆی شۆک لە وەزارەتی بەرگری و سوپای ئیسرائیلدا. ئەمە لە کاتێکدایە نەتانیاهۆ لە ناوخۆی ئیسرائیل بەهۆی نەگەیشتن بە زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە ژێر گوشارێکی توندی ئۆپۆزسیۆندایە کە گادی ئایزینکۆت سەرۆکایەتی دەکات.
شایەنی باسە، بەپێی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، ئیسرائیل بەلایەنی کەمەوە بڕی 21.7 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی لە ئەمریکا وەرگرتووە.







