مانگی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سزا فەرمییەکانی سەر نەوتی ڕووسیای سووک کرد، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێک لەگەڵ فلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ سەدان هەزار تۆن گازوایل ڕادەستی ئەمەریکا بکرێت؛ ڕێککەوتنێک کە بەرهەڵستی و ڕەخنەی توندی لەلایەن ئۆکراینا و وڵاتانی ئەوروپاوە لێکەوتەوە.
ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" ڕایگەیاندبوو، دوو کەشتی لەو سێ کەشتییەی کە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم لە بەندەری "پریمۆرسک"ی ڕووسیاوە بەڕێکەوتبوون، ڕێڕەوی ڕۆیشتنیان گۆڕیوە و بە ئاراستەی ئەمەریکا ناڕۆن.
لە بەرامبەردا، کیریل دمیتریێڤ، نوێنەر و دانوستانکاری کۆشکی کرملین لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "X" ئەم هەواڵەی بە درۆ خستەوە و نووسیویەتی: "درۆیە، ئەو کەشتییانەی بەڕێوەن بۆ ئەمەریکا هێشتا لەسەر ڕێڕەوی خۆیان بەردەوامن."
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "MarineTraffic" بۆ چاودێریکردنی جووڵەی دەریاوانی، کەشتیی "تالیسمان" کە یەکێکە لە کەشتییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە لە بەرامبەر سۆماڵ و کەناراوەکانی تونس دەبینرا؛ دوای ئەوەی لە 29ی تشرینی یەکەمدا لە نۆکەندی ئینگلیز تێپەڕی، بەرەو باشوور ئاراستەی گۆڕی و بە کەنداوی بیسکای و کەناراوەکانی پورتوگالدا تێپەڕی تا لە ڕێگەی گەرووی جەبەلئەتارقەوە چووە ناو دەریای سپیی ناوەڕاست.
سەرەڕای ئەوەی بڕیاربوو ڕۆژی 9ی تشرینی دووەم بگاتە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا، کۆمپانیای "کپلەر" بۆ شیکاری ئاماژەی بەوە کردووە کە کەشتییەکە ئێستا هیچ بەندەرێکی وەستانی دیاری نەکردووە و 324هەزار بەرمیل گازوایلی هەڵگرتووە. لای خۆشیەوە کەشتیی "لریۆ" بەڕێوەیە بەرەو بەرازیل و لە باشووری ڕۆژئاوای زەریای ئەتڵەسیدا دەڕوات.
سەبارەت بە کەشتیی سێیەم، بەپێی داتاکانی کپلەر هێشتا شاری نیویۆرک وەک ئامانج دیاری کراوە و چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی شەممە بگاتە شوێنی مەبەست.
کاتێک لەبارەی ئەم هەواڵانەوە پرسیاری لێکرا، دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرملین ڕایگەیاند وردەکاریی بارە دەریاییەکان بابەتی "بازرگانیین" و ناكرێت ڕابگەیەندرێن، جەختیشی کردەوە کە "سەرجەم گازوایلەکە کڕیاری خۆی دەدۆزێتەوە."







