کۆشکی کرملین ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، هیوای خواست کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا، کۆسپ نەخاتە بەردەم ئەو "هەوڵانەی ئاشتی" کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەیخاتە گەڕ.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین لە لێدوانێکدا کە لەلایەن میدیا فەرمییەکانی ڕووسیاوە بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاند: "بە دڵسۆزییەوە چاوەڕێین ترەمپ بەردەوام بێت لەو هەوڵانەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی دەستی پێ کردووە."
بەپێی ئاژانسی "تاس"ـی ڕووسی، پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە پێشهاتی نوێ لە ئارادان و بەم نزیکانە گەڕێکی دیکەی دانوستانە سێقۆڵییەکان بەڕێوەدەچێت. هەروەها ستایشی ڕۆڵی "میلانییا ترەمپ"ـی خانمی یەکەمی ئەمریکای کرد لەو هەوڵانەدا بۆ ئاشتی و هیوای خواست ئەو پڕۆسەیە بەردەوام بێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس و زۆرینەی دیموکراتەکان دەبێتە هۆی ئاستەنگ بۆ هەوڵەکانی ترەمپ، پێسکۆڤ گوتی: "ئەمە پرسێکی ناوخۆیی ئەمریکایە."







