ئۆباما لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X" ئاماژەی بەوە کرد کە دەستکەوتەکانی پارتی دیموکرات بەهۆی ئەو کاندیدە لێهاتووانەوە هاتە کایەوە کە لە سەرانسەری وڵاتدا و تەنانەت لەو ناوچانەشدا کە چانسی بردنەوەیان کەم بوو کێبڕکێیان کرد؛ ڕوونیشیکردەوە کە ئەو کاندیدانە سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوون، لەسەر بەها هاوبەشەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان یەکیان گرت. هاوکات ستایشی کارمەندان و خۆبەخشانی هەردوو پارتەکەی کرد بۆ بەڕێوەچوونی هێمنانەی هەڵبژاردنەکان.
سەبارەت بە قۆناغی داهاتووی حووکمڕانی لە ئەمەریکا، ئۆباما تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هێشتا 2 ساڵ لە تەمەنی کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ ماوە و جەختی کردەوە: ئەرکی ئێمە ئێستا ئەوەیە قۆڵ هەڵماڵین، لە هەر شوێنێک لە تواناماندا بێت گۆڕانکاری بکەین، ڕێگری لە کەوتنەوەی زیانی زیاتر بگرین و بنەمایەکی بەهێز بۆ داهاتوو دابنێین.
ئەم لێدوانانەی ئۆباما دوای دەستکەوتە بەرچاوەکانی دیموکراتەکان دێت لە هەڵبژاردنەکاندا، کە هاوکێشەی دەسەڵاتی لە واشنتن بە قازانجی دیموکراتەکان گۆڕی، ئەمەش دەروازەی ململانێیەکی نوێی لە نێوان کۆشکی سپی و کۆنگرێس بۆ دوو ساڵی ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپ واڵا کرد.







