ڕۆژنامەکە لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویکردووەتەوە، لێدانی دوورگەی قشم (کە گەورەترین دوورگەی گەرووی هورمزە)، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک هێرشی سنووردار و نهێنیدایە کە واشنتن لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا دژ بە تاران ئەنجامی داون. بە وتەی ئەو بەرپرسانە، هێرشەکان "خەسڵەتێکی بەرگرییانەیان هەیە" و ئامانج لێیان پاشەکشەپێکردنی تارانە لە بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، کە لە 28ـی شوبات و لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە بە شێوەیەکی کردەیی لەلایەن ئێرانەوە داخراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بیستنی دەنگی 5 تەقینەوەی یەک لەدوای یەکی لە دوورگەکە پشتڕاستکردەوە، هاوکات دانیشتووانی ناوچەکەش باسیان لەوە کردووە کە لە ساتی تەقینەوەکاندا فڕینی 2 فڕۆکەی جەنگییان لە ئاسمانی دوورگەکەدا بەدی کردووە.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتن بە فەرمی بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرتووە تاوەکو ئەو پەیامە نەدات کە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان دەکات. ئەم پێشهاتەش لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە بەردەم هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا ڕایگەیاندبوو گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیکە، بەهۆی ئەو گەشبینییەشەوە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ڕێژەی زیاتر لە 7% دابەزی.







