لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە، بارگرانییەکی قورسی دارایی بۆ سەر بژێویی خەڵک، بەتایبەت کاسبکاران و خێزانە کەمدەرامەتەکانی کەرکووک دروست کردووە، هاوکات جەخت لەوەش کراوەتەوە کە پێویستە مافی خاوەن مۆلیدەکانیش پارێزراو بێت لە ڕێگەی دابینکردنی سووتەمەنی بە نرخێکی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکوومەتەوە تاوەکو بتوانن بەبێ زیان کارەبا بە هاووڵاتییان بدەن.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بڕیارێکی هاوسەنگ بدەن بەجۆرێک هەم نرخی ئەمپێر کەم بکرێتەوە و هەم سووتەمەنی بۆ مۆلیدەکان دابین بکرێت؛ هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕێگەی فراکسیۆنی خۆیان لەناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا، بە ڕژدی کاریان لەسەر چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، پارتی هۆشداری دەداتە هێزە ئەمنییەکان و داوا دەکات بە شێوازێکی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتییە ڕەواکانی هاووڵاتییاندا بکەن و بە تەواوی لە توندوتیژی دووربکەونەوە؛ چونکە ئەرکی حکومەتی عێراقە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابین بکات و ڕێز لە داخوازیی سەرجەم پێکهاتە و چینەکانی شارەکە بگرێت.







