ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی زانکۆی ڕۆژاڤا لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ڕای گشتی، قوتابییان و ناوەندی ئەکادیمی بڵاوی کردەوە: لە کاتێکدا هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ پڕۆسەی یەکگرتنەوەدا بوون، بەڵام بڕیارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا سەبارەت بە زانکۆی ڕۆژاڤا بە هیچ شێوەیەک لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نەبوونە و وەڵامدەرەوەی مافە ڕەواکانیان نین، بەتایبەت کە ئەو بڕیارانە بە تەواوی لە واقیعی ئەکادیمی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی ناوچەکە دوورن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە داواکارییە سەرەکییەکانی زانکۆکە لە چەند خاڵێکدا چڕدەبنەوە:
- پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵای سووریا تایبەتمەندیی ناوچەکە و شوناسی کوردیبوونی زانکۆی ڕۆژاڤا بە جیددی لەبەرچاو بگرێت.
- دەبێت لەم ساڵی نوێی خوێندندا پێگەی زانکۆکە وەک خۆی بمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی لە ڕێگەی دیالۆگەوە فۆرمۆڵێکی هاوسەنگ دەدۆزرێتەوە کە تایبەتمەندییە نەتەوەیی، ئەکادیمی و کولتوورییەکان بپارێزێت.
- دەستەبەرکردنی دانەخستنی هیچ بەشێک، چونکە سەرجەم بەشەکان بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییە زانستی و ژیانییەکانی ناوچەکە دامەزراون.
- ڕەچاوکردنی خوێندن بە زمانی کوردی، بەو پێیەی قوتابییانی کورد 12 ساڵە بە زمانی دایک دەخوێنن، گواستنەوەی کتوپڕیان بۆ کۆلێژ و زانکۆ عەرەبییەکان کێشە و گرفتێکی گەورە دروست دەکات.
- لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سەختی ئابووریی هاووڵاتییان، کە ناتوانن تێچووی زۆری خوێندنی منداڵەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەدا لە ئەستۆ بگرن.
ئەنجومەنی زانکۆی ڕۆژاڤا بە فەرمی ڕایگەیاند، پڕۆسەی پێشبڕکێ و وەرگرتنی قوتابییان (مفاضلة) بەردەوام دەبێت و بەمزووانەش ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن، هاوکات بەبێ هیچ پاشەکشەیەک لە کارە کارگێڕی و پەروەردەییەکانی بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی زانکۆیەکی تایبەت و سەربەخۆ بۆ ناوچەکە بە شێوازی خوێندنی دووزمانی (کوردی و عەرەبی) و بە پاراستنی تەواوی بەشەکان دادەمەزرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، جێگەی شانازییە زانکۆی ڕۆژاڤا ببێتە بەشێکی کارا لە سیستەمی خوێندنی باڵای سووریادا، بەڵام پێویستە ئەمساڵ بۆ دیالۆگێکی بونیادنەرانە لەسەر داهاتووی زانکۆکە تەرخان بکرێت، تاوەکو مافی 10 ساڵەی ڕەنج و ماندووبوونی مامۆستایان و قوتابییان بە پارێزراوی بمێنێتەوە.







