ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، خاتوو (حەلاوە عەلی سەمین)، ناسراو بە "دایکە حەلاوە"، دایکی شەهیدانی ئەنفال و یەکێک لە ڕزگاربووانی قەڵای نوگرەسەلمان، پاش 38 ساڵ چاوەڕوانی لە گەڕانەوەی جگەرگۆشەکانی، کۆچی دوایی کرد.
دایکە حەلاوە لە عەشیرەتی داودی و دانیشتووی قەزای خورماتوو (ناوچەی داوێ) بوو، لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، حەوت ئەندامی خێزانەکەی کە پێکهاتبوون لە (شەش کوڕ و کچێک) بێسەروشوێن کران و بوونە شەهیدی ئەنفال.
کۆچکردوو پاش ئەوەی لە کاتی شاڵاوەکەدا خۆیشی دەستگیر کرا و بۆ ماوەی شەش مانگ لە قەڵای "نوگرەسەلمان" زیندانی کرا، ڕزگاری ببوو و گەڕابووەوە، بەڵام تا دواساتەکانی تەمەنی بە حەسرەتی بینینەوەی ڕۆڵەکانی مایەوە.







