بهيانیى ئهمڕۆ يهكشهممه 1ـی تشرینی دووەمی 2026، زانكۆى دهۆک ڕێوڕهسمێكى بۆ يادى 10ساڵهى دامهزراندنى (پهيمانگهى چارهسهرى دهروونى و تراوما) له زانكۆ ئهنجام دا، كه ژمارهيهكى بهرچاوى ئێزدييان و ميوانانى ناوخۆيى و بيانى ئامادهى بوون.
له ڕێوڕهسمهكهدا وتارى نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان پێشكهش كرا كه لهلايهن دلشاد شەهاب، ياريدهدهرى سهرۆكى ههرێمى كوردستانهوه خوێندرايهوه.
دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی:
ئامادەبووانی بهڕێز
ڕۆژتان باش..
دەستخۆشی، سوپاس و پێزانین پێشکەش به (پەیمانگەی چارەسەری دەروونی و تراوما) لە زانکۆی دهۆک و هاوبەشەکانی دەکەم بۆ سازدانی ئەم چالاکییە، هەروەها بۆ کارە گرنگەکەی لە یارمەتیدان و کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری ئەو کەسانەی لە ئەنجامی شەڕ، تیرۆر و توندوتیژی ناڵاندوویانە.
دە ساڵ لەمەوبەر، دامەزراندنی ئەم پەیمانگەیە هەنگاوێکی گرنگ و پێویست بوو تا بتوانێت خزمەتی قوربانییان بکات. ئەم کارەی زانکۆی دهۆک، کارێکی بەهادار و بهنرخه کە هاوشانی ئەرکە زانستی و ئەکادیمییەکەی خۆی، گرنگیی داوەتە بوارێکی کاریگەری ناو کۆمەڵگەش. هیوادارین ئەم نموونەیە زیاتر ببێت و بە شێوەیەکی بەرفراوانتر گرنگیی پێ بدرێت.
گەلی کوردستان و عێراق ساڵانی درێژی شەڕ و نەهامەتییان تێپەڕاند. زۆرێک لە هاووڵاتییانی ئێمە، کەسوکار و ماڵەکانیان لەدەست دا، خەڵکێکی دیکەش ناچار بوون ناوچەکانی خۆیان جێبهێڵن و دوور لە زێد و ماڵی خۆیان بژین. ئەو جینۆسایدەی کە داعش بەسەر ئێزدییەکاندا هێنای، یەکێک لە دڕندانەترین کارەساتەکان بوو.
کاریگەرییەکانی ئەم نەهامەتییە تەنیا بە کۆتاییهاتنی شەڕەکان، یان گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کۆتایی نایەت. هەندێک برین هەن لە دەروون و قووڵاییی مرۆڤەکاندا دەمێننەوە، پێویستیان بە کات و چاودێری هەیە تا چارەسەر ببن. ئەرکی سەرشانی ئێمەیە ئەو کەسانەی تووشی ئەم کارەساتانە بوون، بەتەنیا جێنەهێڵین. دەبێت هاوکارییان بکەین تا ژیان، بڕوا و ئومێدیان بە داهاتوویەکی باشتر بگەڕێتەوە.
ئامادەبووانی بهڕێز..
ئەو خزمەتگوزارییانەی چارەسەری دەروونی کە ئەم پەیمانگەیە لە دهۆک و شنگال پێشکەشیان دەکات، هەروەها هەوڵەکانی بۆ پێگەیاندنی پسپۆڕان، شایستەی هەموو دەستخۆشی و پێزانینێکە. کاری ئەم پەیمانگەیە تەنیا یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان نییە بۆ نەهێشتنی ئازارەکانیان، بەڵکوو پێگەیاندنی کادیری لێهاتووش کارێکی گرنگە تا بتوانن لە داهاتوودا بەردەوامی بەم ئەرکە گرنگە بدەن و بتوانن خزمەتی کۆمەڵگە بکەن.
لەبەر ئەوە دیسان دهمهوێت سوپاس و دەستخۆشی لە زانکۆی دهۆک، سەرپەرشتیارانی پەیمانگە و هەموو کارمەندەکانی بکەم بۆ هەوڵە دڵسۆزانەکانیان.
هەروەها سوپاس و پێزانین بۆ حکوومەت و زانکۆ و ناوەندەکانی ئەڵمانیا کە پشتیوانی لەم پڕۆژە مرۆیییە دەکەن. ئەڵمانیا لە کاتە سەختەکاندا پشتیوانی لە گەلی کوردستان کردووە. ئێمە زۆر بە ڕێز و پێزانینەوە لە پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی ئەوان دەڕوانین، بەتایبەتی هاوکارییان بۆ ڕزگاربووانی دەستی تاوانەکانی داعش.
ئامادەبووانی بهڕێز،
ئەو کەس و قوربانییانەی بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕ و ترۆماکانی دەروونییەوە دەناڵێنن، پێویستیان بەوەیە هەست بکەن کە بەتەنیا نین. پێویستە ببینن کەسانێک هەن خزمەت و چاودێری و هاوکارییان دەکەن. گرنگە هەموو ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاوکاریی دەروونی هەیە، بزانن داواکردنی چارەسەر کارێکی ئاسایییە و ناکرێت کەس لەسەر ئەم بابەتە هەست بە شەرم یان ناڕەحەتی بکات.
لەبەر ئەوەش، جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پشتیوانیی حکوومی و نێودەوڵەتی دەکەینەوە بۆ ئەم هەوڵانە، هەروەها جەخت لە بەرفراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی چارەسەری دەروونی دەکەینەوە تا بگاتە دەست هەموو ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بەدەست تیرۆر و دەربەدەرییەوە ناڵاندوویانە.
دەبێت هەموو قوربانییان و خهڵكى ئێمە لە کاریگەری و شوێنەوارەکانی ئەو قۆناغە چاک ببنەوە و ڕزگاربووان و زیانلێکەوتووان بتوانن بە ئارامی، کەرامەت و ئومێدێکی گەورەوە بەردەوامی بە ژیانيان بدەن.
هەر لەم دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە کە هەمیشە وەک به هاوکار و پشتیوانی هەموو مافەکانی هاووڵاتییانی ئێزدیمان دەمێنینەوە و هەر کار و پلانێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە شنگال و لە هەر شوێنێکی تر، دەبێت لەسەر بنەمای داخوازی و بەرژەوەندییەکانی ئێزدییان خۆیان بێت.
لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەو کەسانە دووپات دەکەینەوە کە لەپێناو ئەم ئامانجە مرۆیییە پیرۆزەدا کار دەکەن. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ (پەیمانگەی چارەسەری دەروونی و تراوما) لە زانکۆی دهۆک دەخوازم.
زۆر سوپاس.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
١/١١/٢٠٢٦
1 وێنە







