ئەمشەو دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی شاری کەرکووک لە دژی بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان خۆپیشاندانیان کرد و ڕێگای سەرەکیی نێوان کەرکووک – دووبزیان داخست.
پەیامنێری کوردستان تیڤی ڕایگەیاند کە خۆپیشاندەران ڕێگەکەیان بە بەرد و تایەی ئۆتۆمبیل داخستووە و ڕێگەیان بە هاتوچۆی ئۆتۆمبیل نەداوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆری هاتوچۆ لەو ناوچەیەدا، هاوکات خۆپیشاندەران ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر خراپیی خزمەتگوزاری و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمەریکی دەربڕی.
خۆپیشاندەران لەوە نیگەرانن کە نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ 18 هەزار دینار بەرزبووەتەوە و داوادەکەن نرخەکەی کەمبکرێتەوە. لە هەمان کاتدا داوایانکردووە کە ڕەوشی خزمەتگوزاری باش بکرێت.







