ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، پارێزگای دهۆک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ قەزای بەردەڕەش، پڕۆژەیەکی گەورەی ژێرخانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە ئامانجی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پاک بۆ سەنتەری قەزاکە و هەرسێ ناحیەی (دارەتوو، کەڵەک و ڕۆڤیا) لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی سنوورەکە، ئەم پڕۆژەیەش لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک و بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری دهۆک جێبەجێ دەکرێت و تاوەکو ئێستا ڕێژەی ئەنجامدانی کارەکانی گەیشتووەتە 38%.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پڕۆژەکە لە وێستگەی وەرگرتنی ئاو (Intake)، وێستگەی پاڵاوتن و پاککردنەوەی ئاو (WTP)، کۆگاکانی ئاو، تۆڕی بۆڕییەکان و ژێرخانی کارەبا پێکهاتووە، بە جۆرێک بەشی وەرگرتنی ئاو لەسەر زێی گەورە لە نزیک گوندی "دالەر" جێگیر کراوە کە توانای وەرگرتنی نزیکەی (3,300) مەتر سێجا ئاوی خاوی هەیە لە کاتژمێرێکدا و دەیگوازێتەوە بۆ وێستگەی پاڵاوتن، هاوکات وێستگەی پاککردنەوەی ئاوەکەش توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی (3,000) مەتر سێجا ئاوی پاکی هەیە لە کاتژمێرێکدا.
پڕۆژەکە دروستکردنی (37) کۆگای ئاو لە 18 شوێنی جیاواز لەگەڵ (250) بیری ئاو لەخۆ دەگرێت کە توانای کۆکردنەوەی نزیکەی (124,000) مەتر سێجا ئاویان هەیە، هەروەها تۆڕی دوو بۆڕیی گەیاندن و دابەشکردن بە درێژایی (451) کیلۆمەتر دروست دەکرێت، کە پێکهاتووە لە بۆڕیی جۆری (Ductile Iron) بە درێژایی 251 کیلۆمەتر بە قەبارەی 400 بۆ 1000 ملم، و بۆڕیی جۆری (HDPE) بە درێژایی 200 کیلۆمەتر بە قەبارەی 90 بۆ 350 ملم، لەگەڵ دابینکردنی ژێرخانی کارەبای 33 کەی ڤی.
پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕێگەی ئەم پڕۆژە گەورەیەوە (181) هەزار کەس سوودمەند دەبن، لە ئێستاشدا (95) گوند دەکەونە چوارچێوەی سوودمەندبووانی پڕۆژەکەوە و پێشبینیش دەکرێت لە داهاتوودا ژمارەی گوندە سوودمەندبووەکان بگاتە (106) گوند.







