سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: "لە نزیکەوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی خۆشەویستی کەرکووک دەکەین، کە لەبەرامبەر بەرزکردنەوەی ناڕەوای نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان هاتوونەتە دەنگ".
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جەختی لەوە کردەوە کە ڕەوا نییە خەڵکی کەرکووک، کە لەسەر کانگای وزە و سامانی وڵات دەژین، باجی کەمتەرخەمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ئەم بڕیارە نادادپەروەرانەیە بدەن.
لەم چوارچێوەیەدا، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بە هەوڵەکانیان کرد و گوتی: "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری کارەبا، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆمان تایبەت بوو بە زیادکردنی پشکی کارەبای نیشتمانی بۆ پارێزگاکە، تاوەکو دەستبەجێ ئەم بارگرانییە لەسەر شانی هاووڵاتییان لاببرێت و نرخەکان کەم بکرێنەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دڵنیایی دا بە هاووڵاتییانی کەرکووک کە تا جێبەجێکردنی تەواوی داواکارییە ڕەواکانیان، لە گوشار و بەدواداچوونی بێوچانی خۆیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبن.







