عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان دژ بە بەکارهێنانی خراپی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتییەک سەردانی پۆلیسی کردووە و سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە، بەوەی کەسێکی نەناسراو ماوەی زیاتر لە 6 ساڵە لە ڕێگەی 2 هێڵی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ناوی ئافرەتەوە فێڵی لێکردووە و لەژێر فشار و هەڕەشەدا بڕە پارەیەکی زۆری لێ وەرگرتووە.
گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، دوای بەدواداچوونی ورد، کۆکردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، لە ڕێکەوتی 28/10/2026 مەفرەزەکانی پۆلیس توانییان تۆمەتبار بە ناوی (ئـ. ح. ڕ) لەدایکبووی ساڵی 1981 (تەمەن 45 ساڵ) بەپێی ماددەی 452 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر بکەن؛ ناوبراو لە میانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بە ئەنجامدانی تاوانەکەیدا ناوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
هاوکات، پۆلیسی گەرمیان داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە بە هەمان شێواز تووشی خەڵەتاندن یان زیان بوون لەلایەن ئەم تۆمەتبارەوە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی، و ئاماژە بەوەش دەکات کە ژمارە تەلەفۆنەکانی تۆمەتبار لە لای پۆلیس پارێزراون.







