ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: ئەنجومەنی وەزیران بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری ژمارە (307)ـی لە ڕێکەوتی 14ـی 10ـی 2026 سەبارەت بە لێخۆشبوون لە سزاکانی دواکەوتنی پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەرکردووە، ئەم بڕیارەش بە نووسراوی فەرمیی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (14069) لە ڕێکەوتی 2ـی 11ـی 2026، ئاراستەی نووسینگەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بڕیارەکە لە کۆبوونەوەی ژمارە (176)ـی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دراوە، بە مەبەستی ئاسانکاریکردن و هاندان بۆ پابەندبوون بە پێدانی بەشدارییەکان و زیادکردنی داهاتی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە بۆ خزمەتکردنی کرێکاران، پاراستنی ماف و شایستەکانیان و دابینکردنی مووچەی خانەنشینییان بەکار دەهێنرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، خاڵە سەرەکییەکانی بڕیارەکە بەم شێوەیەن:
لێخۆشبوونی تەواوەتی: لێخۆشبوون لە تەواوی سزاکانی دواکەوتن لە پێدانی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەکرێت، بە مەرجێک لە ماوەی (90) ڕۆژی کاردا تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی پارەی بەشدارییەکە بدرێت.
دەرکردنی ڕێنمایی: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەردەکات.
جێبەجێکردن و بڵاوکردنەوە: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکاری پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەگرنەبەر و لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقائیعی کوردستان) بڵاو دەکرێتەوە.







