ئەم بڕیار و چرای سەوزەی ڕێبەری باڵای ئێران دەستکراوەیی زیاتر دەداتە تیمی دیپلۆماسی و حکوومەتەکەی بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و چارەسەرکردنی پرسی سزاکان، لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی بچنە نێو پرۆسەی گفتوگۆوە.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتدارانی تاران لە چەند قۆناغی ڕابردوودا جەختیان لەوە کردووەتەوە؛ لە ئەگەری پابەندبوونی واشنتن بە مەرجە سەرەکییەکان و هەڵگرتنی سزاکان، دەرگای لێکتێگەیشتن و دانوستانی ناڕاستەوخۆ یان ڕاستەوخۆ دانەخراوە. پێدانی ئەم دەسەڵاتەش دەرفەتێکە بۆ شاندی دانوستانکاری ئێران تا بە پاڵپشتیی باڵاترین دەسەڵاتی سیاسی و ئایینیی وڵات هەنگاو بنێن.







