ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: دادگەی لێکۆڵینەوەی دووەم لە کەرخ، توانیویەتی بڕی (21 ملیار و 424 ملیۆن) دیناری عێراقی لە تاوانێکی فێڵکاریی دارایی وەربگرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم بڕە پارەیە لە دوو کۆمپانیای سەرپێچیکاری یاسا وەرگیراوەتەوە، کە لە ڕێگەی ئەنجامدانی پرۆسەی حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بە شێوازی فێڵکاری، جیاوازیی نرخی ئاڵۆگۆڕی دۆلاریان بەدەستهێنابوو.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوەش کردووە، بە هەوڵێکی گەورەی دادگای لێکۆڵینەوەی دووەم لە کەرخ و بە سەرپەرشتیی دادوەری یەکەمی دادگاکە توانراوە ئەم پارەیە بگەڕێندرێتەوە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئەم هەوڵانە بەردەوام دەبن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی کە ڕێگەی نایاسایی دەگرنەبەر بۆ دەستکەوتنی قازانجی گەورە لەسەر حیسابی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی.







