ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بەیانیی ڕۆژی شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام داوە، ئەم پەیوەندییەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا ئامادەکاری بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕی دژ بە ئێران دەکات و چەند ڕۆژێک پێشتریش ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازییەکان کۆببووەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی بژاردەکانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی شەڕی بەرفراوان لە ناوچەکەدا.
میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ ڕووبەڕووی گوشاری نەتانیاهۆ بووەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، لەم بارەیەوە "کەناڵی 12"ـی عیبری لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، نەتانیاهۆ گوشار لە ئیدارەی ئەمەریکا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ، لە کاتێکدا وڵاتانی نێوەندگیر هەوڵی لێکنزیککردنەوەی ڕوانگەی تاران و واشنتۆن و گەیشتن بە ڕێککەوتن دەدەن.
بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕۆژانی ئێستایان بە "زۆر هەستیار" ناو بردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە فەرماندە باڵاکانی سوپای ئیسرائیل لە پەیوەندیی ڕۆژانە و بەردەوامدان لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکانیان، بەپێی سەرچاوەکانی کەناڵەکەش، هەر هەنگاوێکی سەربازیی ئەگەری بۆ سەر ئێران لە ڕووی قەبارەی هێز و سروشتی ئامانجەکانەوە جیاواز دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوو، چونکە هەردوولا لە هەماهەنگیی چڕدان بۆ دیاریکردنی ئامانجی سەربازیی دەستنیشانکراو.
ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی هەریەک لە دەوڵەتانی قەتەر، پاکستان، عەرەبستانی سعوودیە، تورکیا و میسر بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی جەنگ لە ڕێگەی دانوستانەوە.






