ئەمڕۆ شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازییەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە مەترسیی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند: هەر جۆرە هەڕەشەیەک لەسەر ئێران بکرێت، ڕووبەڕووی وەڵامێکی خێرا، کاریگەر و بێسنوور دەبێتەوە.
موجتەبا خامنەیی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی سەربازی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ کردەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر پێویستیی نوێکردنەوەی سیستەمی بانکیی وڵات، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هاککردنی بانکەکان لەلایەن دوژمنانەوە و بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئێرانی لە هەر بارودۆخێکی چاوەڕواننەکراودا بتوانن دەستیان بە پارە و سامانەکانیان لە ناو بانکەکاندا بگات.
هاوکات، ڕێبەری ئێران ستایشی خۆڕاگریی "بەرەی موقاوەمە" کرد و ڕایگەیاند کە یەکڕیزیی ناوچەکە دەبێتە هۆی بنیاتنانی ڕێکخستن و سیستەمێکی نوێی سیاسی و ئەمنی لە ڕۆژئاوای ئاسیادا.
لەلایەکی دیکەوە، سەرکردە باڵا سەربازییەکانی ئێران لە هەمان دیداردا، ڕاپۆرتی وردی خۆیان سەبارەت بە ئاستی ئامادەباشیی هێزەکانیان لە گەرووی هورمز و سەرجەم سنوورەکان، هاوکات زیادبوونی بەرچاوی بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی پێشکەشی ڕێبەری باڵای وڵاتەکەیان کرد.







