ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران قۆناغێکی نوێی مەترسیداری بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بژاردەی سەربازیی وەک کارتێکی فشار لە ئەگەری شکستی پارتی کۆماری لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، ئەمەریکا هاوپەیمانانی لە ناوچەی کەنداو ئاگادار کردووەتەوە کە خۆیان بۆ هەڵمەتێکی سەربازیی کورت و چڕ ئامادە بکەن، کە ئامانجی سەرەکیی لێی ناچارکردنی ئێرانە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ یاخود لەناوبردنی تەواوەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هاوکات تۆڕی "ئێم ئێس ئێن بی سی" (MSNBC) ئاشکرای کردووە کە ترەمپ بە نیازە تەنیا یەک ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەکان، واتە لە 4ـی تشرینی دووەمدا، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دەستپێبکات.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتانەدا، دەوڵەتانی کەنداو هەوڵەکانیان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە چڕ کردووەتەوە، چونکە لە کاردانەوەی توندی ئێران نیگەرانن، هاوکات شارەزایانیش پێیانوایە ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ ئێران تاوەکو بەر لە گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەکان، ڕێککەوتن واژۆ بکات و پێش لەناوچوونی ژێرخانە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی بگرێت.







