ئەمڕۆ شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئوردن (ئەلمەملەکە) لە زاری سەرچاوەیەکی سوپاوە بڵاوی کردەوە: یەکەیەکی سەر بە پاسەوانی سنووری ناوچەی سەربازیی باکوور، ئێوارەی ڕۆژی هەینی هەوڵێکی دزەکردن و بەزاندنی سنووری لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە پووچەڵ کردووەتەوە کە لە خاکی سووریاوە هاتبوون و ژمارەیان بە 14 کەس مەزەندە دەکرێت.
سەرچاوە سەربازییەکە ڕوونیکردەوە، گرووپە چەکدارەکە لەژێر پەردەی دەستڕێژی چڕی گولـلە و پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی سنوور هەوڵی دزەکردنیان داوە، بەڵام هێزەکان بەپێی ڕێساکانی ڕووبەڕووبوونەوە بە توندی وەڵامیان داونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی گیانیی بەرچاو لە ڕیزەکانی گرووپە چەکدارەکەدا، هاوکات ئەندامانی دیکەی گرووپەکە بەرەو قووڵایی ناو خاکی سووریا هەڵاتوون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سەرچاوەکەی سوپای ئوردن جەختی لەوە کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بەوپەڕی هێز و لێبڕانەوە مامەڵە لەگەڵ هەر هەوڵێکی دزەکردن یان قاچاخچێتی دەکەن، و بە توندترین شێوە وەڵامی هەر لایەنێک دەدەنەوە کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمان و پیرۆزیی سنوورەکانی ئوردن بدات.







