عێراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئێمە پەیامەکەی جەی دی ڤانسمان بە وردی خوێندووەتەوە و لە کۆبوونەوە باڵاکاندا تاوتوێمان کردووە، هەوڵی لایەنی ئەمەریکی بۆ فەراهەمکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام ئەگەر ئامانجی واشنتن دروستکردنی دووبەرەکی بێت، ئەوا هەڵەیەکی نوێیە و دەخرێتە سەر هەڵەکانی پێشووی.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە لە ئێستادا هیچ پلانێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا هەبێت و هەواڵەکانی لەو بارەیەوە بە "تەخمینکردنی میدیایی" ناوبرد. عێراقچی جەختی کردەوە: مەرجەکانی ئێمە ڕوونن و نێوەندگیرەکان بەردەوامن لە ڕاوێژکاری، دوای ڕەزامەندیی واشنتن لەسەر مەرجەکانمان، ئەو کات بڕیار دەدەین کە دانوستانەکان ڕاستەوخۆ دەبن یان ناڕاستەوخۆ.
ئاماژەی بەوەش کرد، شاندێکی ئێرانی بەرەو دەوحە بەڕێکەوتووە و یاریدەدەرەکەی لە قەتەرە بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان، هاوکات سوپاسی هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی هەردوو وڵاتی نێوەندگیر (قەتەر و پاکستان)ی کرد کە چەندین پێشنیازیان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی خستووەتەڕوو و ئێستا تاران لە قۆناغی دووەمدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، عێراقچی ڕایگەیاند پێشنیازەکەی تاران تاکە دەستپێشخەریی بەردەستە بۆ کردنەوەی گەرووەکە، هەروەها ڕوونی کردەوە کە لایەنی قەتەری داوای کردبوو ماوەی جێبەجێکردنی پێشنیازەکە بۆ 5 ڕۆژ کەم بکرێتەوە، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا گەیشتوونەتە پێشنیازێک کە ماوەی جێبەجێکردنەکەی تەنیا بۆ 1 ڕۆژ کورت دەکاتەوە.






