میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە: لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا، عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە هەردوو دەوڵەتی کوەیت و بەحرەین بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەندین پرسی هەستیار و دۆسیەی هەڵپەسێردراو، لە سەردانەکەیدا بۆ کوەیت، تەوەرە سەرەکییەکان تایبەت دەبن بە چارەسەرکردنی دۆسیە ئاڵۆزەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەوانەش دیاریکردنی سنووری ئاوی، دۆسیەی بەندەری موبارەک و کاریگەرییەکانی لەسەر بەندەری فاو، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی دۆخ و ئارامیی ناوچەکە.
سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ بەحرەین، میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، عەلی ئەلزەیدی تیشک دەخاتە سەر پێویستیی پاراستنی پێکهاتەی شیعە لەو وڵاتەدا، ڕاگرتنی بەدواداچوون و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان دژیان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیریی ئەمنی لە ناوچەکەدا.
شایەنی باسە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر و وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەم گەشتە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، تەواوی ناوەڕۆک و تەوەرەکانی ئەم سەردانەی تاوتوێ کردووە.







