ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "تۆپەکە ئێستا لە گۆڕەپانی ئەمەریکادایە، داواکارییە گونجاو و لۆژیکییەکانمان بە ڕوونی خراونەتەڕوو و گەرووی هورمز بەبێ پەسەندکردنی مەرجەکانمان ناکرێتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە دەرفەتێک لەبەردەستدایە بۆ جێبەجێکردنی پێشنیازەکەی ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژی کەمی داهاتوودا و گوتیشی: "گەرووی هورمز ئارام و سەلامەت نابێت تا ئەو کاتەی گەمارۆی دەریایی هەڵنەگیرێت و داواکارییە ڕەواکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن".
ئیسماعیل بەقایی جەختی لەوەش کردەوە، هەماهەنگی، هاودەنگی و یەکڕیزیی تەواو لە نێوان سەرجەم ئەو دەزگا و لایەنانەدا هەیە کە لە ناو حکوومەتی ئێراندا بڕیاربەدەستن سەبارەت بەم پرسە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسرائیلی بە سەرچاوەی سەرەکیی نائارامی و تەنگژەکان لە ڕۆژئاوای ئاسیا وەسفکرد و ڕایگەیاند، خاکی داگیرکراوی فەلەستین و بەردەوامیی کۆمەڵکوژی لەوێ چەقی سەرەکیی پێشهاتەکانی ناوچەکەیە، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە تەنیا دوێنێ زیاتر لە 10 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا شەهید بوون.







