ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، لە چوارچێوەی کارەکانی ئەنجومەنی هەماهەنگیی سێقۆڵیی نێوان عێراق، ئوردن و میسردا، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، کە تێیدا عەلی وارد حەموود، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکانی عێراق لەگەڵ تیمەکانی هەردوو وڵاتی ئوردن و میسردا، وردەکارییە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە و دروستکردنی پاڵاوگە و کۆگاکانی سووتەمەنییان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گواستنەوەی پڕۆژەکان لە قۆناغی گفتوگۆوە بۆ بواری جێبەجێکردنی کردەیی کرایەوە، بە جۆرێک دەست بە کارەکانی هێڵی بۆڕیی نەوتی خاوی "بەسرە - حەدیسە" بکرێت، تاوەکو دەروازەی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستەوە بەڕووی عێراقدا بکرێتەوە.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیجییەکی بەرفراوانی سێ وڵاتەکە بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایشی وزە و هاوبەشیی ئابووری لە ناوچەکەدا، هاوکات جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە جگە لە پێشخستنی کەرتی پترۆکیمیا، پێگەی عێراق وەک دابینکەرێکی سەرەکیی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرز دەکاتەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان بەغدا، عەممان و قاهیرە پتەوتر دەکات.







