ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" بڵاوی کردەوە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەیشتووەتە ڕێککەوتن و ئەمەریکا دوای کۆتاییهاتنی ئەمساڵ چیتر هاوکاریی دارایی پێشکەشی ئیسرائیل ناکات.
دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی (فۆکس ئەند فرێندز) لە کەناڵی "فۆکس نیوز" گوتی: "سەبارەت بە پێدانی پارە بە ئیسرائیل، من و (بیبی) نەتانیاهۆ ڕێککەوتبووین کە ساڵانە چوار ملیار دۆلار بدەینە ئیسرائیل، بەڵام چەند مانگێک لەمەوبەر ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی ئەو هاوکارییە ڕابگرین".
سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە لە بنەڕەتدا ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی لە دوای کۆتایی ئەمساڵەوە هیچ بڕە پارەیەک بە ئیسرائیل نەدەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە داهاتوودا ئیسرائیل پێویستی بە هاوکاری هەبێت، هاوکاریی دەکەین".







