ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" ڕایگەیاند کە کۆتایی بە ئەرکەکەی دەهێنێت و گوتی: بەڵێ، من دەڕۆم. ئەگەر دەرفەتم بۆ بڕەخسایە بە خۆشحاڵییەوە جارێکی دیکەش خۆم کاندید دەکردەوە، بەڵام یاسا لەمبارەیەوە زۆر توند و یەکلاکەرەوەیە.
ناوبراو تیشکی خستە سەر پێگەی جەماوەریی خۆی و ئاماژەی بەوە کرد: بە خۆشحاڵییەوە کاندید دەبوومەوە؛ لەم دواییانەدا ڕاپرسییەکیان ئەنجامدا کە تێیدا بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش هەمووانەوە بووم. هەروەها ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا 2 ساڵی دیکەی لە نووسینگەی هێلکەیی (ئۆڤاڵ) لەبەردەمدایە و پێیوایە لەم ماوەیەدا دەتوانرێت کار و دەستکەوتی گەورە لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا ئەنجام بدرێت.
دۆناڵد ترەمپ لە ساڵانی 2017 تا 2021 پۆستی سەرۆکی ئەمەریکای بەڕێوەبرد، دواتریش لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2024 سەرکەوتنی بەدەستهێنایەوە و لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025 وەک 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا سوێندی یاسایی خوارد.
بەپێی هەمواری 22ـەمی دەستووری ئەمەریکا، هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە زیاتر لە دوو خول بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی وڵات هەڵبژێردرێت؛ هەر بۆیە ترەمپ ناتوانێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە بڕیارە لە ساڵی 2028 بەڕێوەبچێت، بەشداری بکات، سەرەڕای ئەوەی پێشتر بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە دابوو کە ڕەنگە ڕێگەیەک بۆ کاندیدبوونەوەی خولی سێیەم هەبێت.







