ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، پۆلیسی بریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لە میانی خۆپیشاندانێکی لایەنگرانی فەلەستین لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە شاری لەندەن، 325 کەس دەستگیر کراون، خۆپیشاندانەکەش وەک ناڕەزایەتییەک بووە بەرامبەر بە بڕیاری حکوومەتی بریتانیا بۆ قەدەغەکردنی چالاکییەکانی گرووپی "فەلەستین ئەکشن".
پۆلیسی لەندەن ئاماژەی بەوە کرد، 320 کەس لە دەستگیرکراوان بە گومانی نیشاندانی پاڵپشتی بۆ ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستبەسەر کراون، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەشداربووانی دیکە بەردەوامە، ئەم ناڕەزایەتییەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە دادگای باڵای بریتانیا دانیشتنێکی دوو ڕۆژە ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی ئەو تانەیەی دژ بە بڕیارەکەی حکوومەت پێشکەش کراوە، کە لە تەمووزی 2025ـدا گرووپەکەی قەدەغە کردبوو.
بەپێی ئامارەکانی پۆلیس و هەڵمەتەکانی داکۆکیکردن لە مافی خۆپیشاندەران، لە کاتی دەرچوونی ئەو بڕیارەوە تا ئێستا هەزاران کەس بەهۆی دەربڕینی پشتیوانی بۆ ئەو گرووپە دەستبەسەر کراون، هاوکات پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو کە لەندەن شایەتی چەندین جووڵەی هاوشێوە بووە، لە کاتێکدا لە میانی گردبوونەوەیەکی جیاوازدا لە شاری ئێدنبڕە هیچ دەستگیرکردنێک تۆمار نەکراوە.







