لە کاتژمێر 10:45ـی بەیانی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ ڕادەستکردنی مانگی کانوونی دووەم بە ڕێژەی 1.25٪ دابەزی و گەیشتە 102.31 دۆلار. هاوکات نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بۆ ڕادەستکردنی مانگی کانوونی یەکەم بە ڕێژەی 0.74٪ دابەزی و نرخەکەی بە 95.38 دۆلار جێگیر بوو.
بە دابەزینی ئەمڕۆ، نرخی نەوتی برێنت لە سەرەتای هەفتەوە زیاتر لە 13٪ـی بەهاکەی لەدەست داوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم دابەزینە دەگەڕێتەوە بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ بازاڕەکان بەهۆی ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوە دەچن، کە وایکردووە ترس لە پەرەسەندنی گرژییەکان کەم ببێتەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جورناڵ" سەبارەت بە کاریگەریی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، دۆناڵد ترەمپ دان بەوەدا دەنێت کە پرسی ئێران یەکێک بووە لە هۆکارەکان، بەڵام زیاتر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەریی زیاتری لەسەر ئەنجامەکان هەبووە وەک لە خودی شەڕەکە.







