ئەمە سێیەمین ڕۆژی لەسەریەکە کە شەپۆلێکی بەرفراوانی هەڕەشەی بوونی بۆمب دەگاتە فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا، کە بە شێوەیەکی سەرەکی کۆمپانیاکانی فڕینی کەم-تێچوو (Low-cost) لە گەشتە ناوخۆییەکانی کیشوەرەکەدا کراونەتە ئامانج.
ئاژانسی "ئانسا" بڵاویکردەوە کە دوو فڕۆکەی سەر بە هێڵەکانی "ئیجە ئەیرلاینز" و "ڕایان ئەیر" دوای وەرگرتنی هۆشداری، بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی ماڵپێنسای میلانۆی ئیتاڵیا نیشتوونەتەوە؛ هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی ئیتاڵیا یاوەریی فڕۆکەیەکی هێڵی "فین ئەیر"یان کردووە تا لە فڕۆکەخانەی ڕۆما نیشتووەتەوە.
فڕۆکەیەکی کۆمپانیای "ئێر لینگوس"ی ئێرلەندی لە گەشتی (EI 402) لە دبلنەوە بەرەو ڕۆما، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی ئاراستەکەی گۆڕدراوە و لە فڕۆکەخانەی ئێڤرۆ لە 100 کیلۆمەتریی ڕۆژئاوای پاریس نیشتووەتەوە.
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی "لۆت"ی پۆڵەندی ناچار کرا لە فڕۆکەخانەی زاڤێنتێمی برۆکسل بنیشێتەوە؛ لە پراگی پایتەختی چیکیش پۆلیس پشکنینی بۆ 4 فڕۆکە کرد کە هەڕەشەیان پێگەیشتبوو، بەڵام هیچ تەقەمەنییەکیان تێدا نەدۆزرایەوە.
بەرپرسانی بولگاریا نیشتنەوەی لەناکاوی 3 فڕۆکەیان پشتڕاستکردەوە، دوو فڕۆکەیان لە کۆپنهاگن و مەدریدەوە لە فڕۆکەخانەی سۆفیا و فڕۆکەیەکی دیکەش لە لەندەنەوە لە شاری پلۆڤدیڤ نیشتوونەتەوە.
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش 7 گەشتی ئاسمانی و کەشتییەکی گەشتیاری لە ئەوروپا هەڕەشەی هاوشێوەیان پێگەیشتبوو؛ تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی ڕووداوەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە. بەرپرسانی ئەوروپا گومان دەکەن ڕووسیا و ئێران لە پشت ئەم زنجیرە هەڕەشە "تێکەڵاو" و ئاژاوەگێڕییانە بن، بەڵام مۆسکۆ و تاران ئەو تۆمەتانە بە تەواوی ڕەتدەکەنەوە. هاوکات شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن ئەم جۆرە هۆشدارییە ساختانە، هاوشێوەی هێرشە سایبەرییەکانی ئەم هەفتەیەی سەر ساردکەرەوەی مۆڵە گەورەکانی ئەوروپا، ئامانج لێیان تێکدانی باری ئارامی و دروستکردنی شڵەژانە بە کەمترین تێچوو.







