سەرنجی ترەمپ لەسەر ڕێبەری کۆریای باکوور و کەمکردنەوەی قەبارەی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور، نیگەرانی لای هاوپەیمانانی واشنتۆن لە ئاسیا دروستکردبوو، بەتایبەت لە سایەی ئەم تێڕامانانەی سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێک لە سیاسەتی دەرەوەدا لەگەڵ چەقبەستنی جەنگ لەگەڵ ئێران لە ئارادان.
بەڵام کیم یۆ جۆنگ، خوشکە بەدەسەڵاتەکەی ڕێبەری کۆریای باکوور، ڕۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوەدا کە پیۆنگ یانگ گرنگی بە دەستپێکردنەوەی دیالۆگ لەگەڵ واشنتۆن نادات ، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "پێویستی بەوە نییە ڕووبەڕوو لەگەڵ کەسانێکدا دانیشێت کە تا ئەم ڕادەیە بێمتمانە و دوژمنکارانەن".
خوشکی ڕێبەری کۆریای باکوور گوتیشی: دیارە بژاردەی ئاشتی دیالۆگ دەگرێتەوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان بێت".
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریکا (FBI) کۆریای باکووری تۆمەتبار کرد بەوەی لە پشت دزینی نزیکەی ٦ ملیار دۆلار بووە لە سەکۆی دراوی دیجیتاڵی "باینانس"، کە ئەو تۆمەتانەی پێشتر بە "پارۆڤۆکاسیۆنی سیاسیی مەترسیدار" وەسف کرابوون.
لیم ئۆل چول، پرۆفیسۆر لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە زانکۆی کیۆنگنام لە کۆریای باشوور، پێی وایە لێدوانەکانی کیم یۆ جۆنگ وەرچەرخانێکە لە هەڵوێستی بەرگرییەوە بۆ هێرشبردن.
لیم ئۆل چول بە ئاژانسی فرنس پرێسی ڕاگەیاندووە: "ڕاگەیەندراوەکەی ئەمدواییە، پرسی (هێرشی ئەلیکترۆنی) دەقۆزێتەوە بۆ ئیدانەکردنی تەواوی سیاسەتی گوشاری ئەمەریکا بەرامبەر کۆریای باکوور".
لە ساڵی 2019 کیم جۆنگ ئون دوای گەشتێکی 60 کاتژمێری بە شەمەندەفەر لە هانۆیەوە گەڕایەوە وڵاتەکەی بەبێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێک بەدەستبهێنێت، ئەوەش دوای هەرەسهێنانی لوتکەکەی لەگەڵ ترەمپ.
سەرۆکی ئەمەریکا بەردەوام دەستپێشخەری بۆ پیۆنگ یانگ دەکات، کەچی ئەو بە ساردییەوە پێشوازی لێدەکات.
لیم ئۆل چول دەشڵێت: "بۆ کیم جۆنگ ئون، هێشتنەوەی ڕەوشەکە وەک خۆی لە ئێستادا، باشترین بژاردەیە".
شیکەرەوان دەڵێن ڕێبەری کۆریای باکوور پاڵنەری کەمتری هەیە بۆ دیداری ترەمپ دوای ئەو شکستە گەورەیەی بەر کۆمارییەکان کەوت لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمەریکا
دەنگدەران دەسەڵاتی کۆنگرێسیان بەخشیە دیموکراتەکان، کە ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ ترەمپ و دەیکاتە سەرۆکێک کە دەسەڵاتەکانی لە دوو ساڵی ماوەی ویلایەتەکەیدا سنووردار دەبن.
یانگ مو جین، سەرۆکی پێشووی زانکۆی لێکۆڵینەوەکانی کۆریای باکوور لە سیئۆل، پێشبینی کرد "ترەمپ بەردەوام بێت لە هەوڵدان بۆ دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی سەرکردەکان لەگەڵ کۆریای باکوور".
بەڵام پێی وابوو کە "دابەشبوونی سیاسی لە واشنتۆن و بوونی ترەمپ بە سەرۆکێکی کەمدەسەڵات، دوو فاکتەری گرنگ دەبن لە هەژمارکردنەکانی پیۆنگ یانگدا".
لە لای خۆیەوە، مایکل بۆساک، بەڕێوەبەری دامەزرێنەری پەیمانگای "بارلی" بۆ سیاسەت و بەرپرسی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێیوایە؟کۆریای باکوور گومان لە توانای واشنتۆن دەکات بۆ پێشکەشکردنی سازشی بەردەوام.
مایکل بۆساک، بە فرانس پرێسی ڕاگەیاند: "ڕژێمی کۆریای باکوور بەدوای گۆڕانکاریی جەوهەری و بەردەوامدا دەگەڕێت لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر خۆی. ئێستا ترەمپ ناتوانێت گەرەنتی ئەوە بدات کە ئۆفەرەکان تا دوای کانوونی دووەمی 2029 بەردەوام دەبن"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهاتنی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی.
هەروەها نزیکبوونەوەی زیاتری پیۆنگ یانگ لەگەڵ ڕووسیا و چین، پێگەی دانوستانەکانی بەهێزتر کردووە و پێویستیی ئاخاوتنی لەگەڵ ئەمریکا کەمکردووەتەوە.
بانکی ناوەندیی کۆریای باشوور لە مانگی تمووزدا خەمڵاندی کە ئابووریی کۆریای باکوور بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک لە ساڵی 2025 بە ڕێژەی زیاتر لە 3% گەشەی کردووە، ئەوەش بە پلەی یەکەم بۆ "فراوانبوونی هاوکاریی ئابووری لەگەڵ ڕووسیا" دەگەڕێنێتەوە.
تەنانەت ئەگەر ترەمپ و کیم لەسەر بەستنی کۆبوونەوەیەکیش ڕێکبکەون، جیاوازییەکانیان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور وەک ئاستەنگێکی سەرەکی لەبەردم هەر پێشکەوتنێکی دیپلۆماسیدا دەمێنێتەوە.
پیۆنگ یانگ چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە ئیتر ئامادە نییە تاوتوێی داماڵینی چەکی ئەتۆمی خۆی بکات.
لە مانگی ئەیلوولدا، کیم یۆ جۆنگ ڕایگەیاند کە پێگەی وڵاتەکەی وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی بووەتە ئامانجێکی "ڕەها" و ئەو کەسانەی هێشتا هیوایان بە داماڵینی چەکی ئەتۆمی هەیە بە "گەمژە" وەسف کرد.
ئەمەش لە کاتێکدا هات کە سەرۆکی کۆریای باشوور، لی جای میۆنگ—کە بە هەڵوێستە ئاشتەواییەکانی ناسراوە—پێشنیاری کردبوو واشنتۆن بەدوای سڕکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکووردا بگەڕێت لەبری سڕینەوەی دەستبەجێی، لە بەرامبەر سووککردنی سزاکاندا.
بەڵام ئەم بژاردەیە دوای شکستی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا تووشی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، چونکە دیموکراتەکان دەست بە ئامانجی داماڵینی چەکی ئەتۆمییەوە دەگرن، هەروەها کۆنگرێسیش دەسەڵاتی کاریگەری هەیە لەسەر هەڵگرتنی سزاکان.
لیم ئۆل چول گوتی: پیۆنگ یانگ "هێشتا یادەوەری خراپی هەیە لەسەر شکستی دانوستانەکان لە بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدندا، ئەمەش بەهۆی سووربوونی ئەمەریکا لەسەر نەبوونی هیچ سووککردنێکی سزاکان یان چوونەناو دیالۆگەوە پێش هەنگاونان بەرەو داماڵینی چەکی ئەتۆمی" و بێمتمانەیی کۆریای باکوور بەرامبەر واشنتۆن، شانبەشانی ئەو تەمومژەی دەوری هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری لەگەڵ ترەمپ داوە، لەوانەیە پاڵنەر بێت بۆ زیاتر بەهێزکردنی خواستە ئەتۆمییەکانی.
هەروەها راشیگەیاند: "زیاتر و زیاتر ئەو بڕوایە لە لای کۆریای باکوور چەسپاو دەبێت کە بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی سەربەخۆیانەی کۆگای ئەتۆمی، بەبێ گوێدانە گۆڕانی ئیدارەکان یان حزبەکانی ئەمەریکا، بژاردەیەکی ڕاست و ستراتیژییە".
پیۆنگ یانگ لە هەفتەکانی دواییدا زنجیرەیەک تاقیکردنەوەی لەسەر چەکی نوێ ئەنجامداوە، کە کڵاوەی هێشوویی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر، سیستەمی تۆرپیدی ئاراستەکراوی ورد، و مووشەکێکی سەرووی دەنگی ـ(هایپەرسۆنیک)ی مامناوەند لەخۆدەگرێت.
لیم ئۆل چول پێی وایە "پەرەپێدانی چەکی نوێ، تاقیکردنەوەیان و ڕاهێنان لەسەریان، دەبنە چالاکی ئاسایی و ڕۆژانە".







