ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، بەر لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (کۆپ 31) لە تورکیا، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە: نزیکەی (90) ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی زۆرەملێ، ڕووبەڕووی مەترسیی زۆر گەورە بوونەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەوی و سێ لەسەر چواری تەواوی ئاوارەکانی جیهانیش لەو وڵاتانەدا دەژین کە بە شێوەیەکی توند کەوتوونەتە بەر مەترسییە ژینگەییەکان.
ئەنتۆن لێز گارسیا، یاریدەدەری کۆمیسیاری باڵا بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە کۆمیسیاریی پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "پەنابەران ڕووبەڕووی ستەمێکی دوولایەنە دەبنەوە، دوای ئەوەی ناچار کراون لەو شەڕ و ململانێیانە هەڵبێن کە خۆیان هۆکاری نەبوون، ئێستا کەوتوونەتە هێڵی پێشەوەی قەیرانێکی کەشوهەوا کە کەمترین بەشدارییان تێیدا هەبووە".
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، ئاوارەکان دوای دەربازبوونیان لە توندوتیژی و چەوسانەوە، لە شوێنگەلێکدا نیشتەجێ دەبن کە بەدەست شەپۆلی وشکەساڵیی توند، لافاوی کوشندە و گەرمای لەڕادەبەدەرەوە دەناڵێنن، کۆمیسیاریی پەنابەران پێیوایە ئەم گۆڕانکارییانە بەردەوام دەبنە ڕێگر لەبەردەم دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ دۆسیەی ئاوارەکان.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی (2/3) ئەو پەنابەرانەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، خۆیان لە ناوچەگەلێکدا بینیوەتەوە کە بە توندی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری و مەترسییە سەختەکانی کەشوهەواوە.







