سەجاد حەیدەر خان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، بابەتی تێپەڕاندنی زیاتر لە 150 هاووڵاتیی ئەفغانی بە خاکەکەیاندا، لەژێر لێکۆڵینەوەی ورددایە و بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو لایەنەکانی ئەو پرسە تاوتوێ دەکەن.
ئەم پێشنیارە لە چوارچێوەی پلانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدایە بۆ توندوتۆڵکردنی ڕێکارەکانی کۆچبەران. ڕێکخراوی "ئەفغان ئیڤاک" کە یارمەتی ئەو ئەفغانییانە دەدات کە پێشتر لەگەڵ سوپای ئەمریکا کاریان کردووە، هۆشداری دەدات کە ئەم کەسانە بەهۆی پەیوەندییان بە هێزەکانی ئەمریکاوە، لە ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ ئەفغانستان ڕووبەڕووی مەترسیی گیانی دەبنەوە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان (حکوومەتی تاڵیبان) جەختی لەسەر ئامادەییی خۆی بۆ قبوڵکردنی گەڕانەوەی هاووڵاتییەکانیان کردەوە، بەڵام هۆشداری دا بەو وڵاتانەی کە ئەو کۆچبەرانە لەخۆ دەگرن، ئاماژەی بەوە کرد: "نابێت چارەنووسی هاووڵاتییانی ئێمە وەک کارتی فشار بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی بەکار بهێنرێت."
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسلام ئاباد و کابوڵ بەهۆی پێکدادانی خوێناوی لەسەر سنوورەکان لە مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا گرژیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. سەرەڕای بەڵێنی لێبووردنی گشتیی تاڵیبان، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکانیدا ئاماژەی بە تۆمارکردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و کوشتنی بێ دادگا لە ئەفغانستان کردووە.







