ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمەریکا هەرگیز ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و لەوانەیە وڵاتەکەی ناچار بێت ئەو توانایانەش کە لە ئێراندا ماونەتەوە وێرانیان بکات، هاوکات ئاشکرای کرد کە کار لەسەر ئامادەکردنی ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنیی گەورە لە ئەوروپا دەکەن کە چوارچێوەی قەیرانی ئۆکرایناش تێدەپەڕێنێت.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بێ ڕەزامەندیی ئێمە هیچ هەنگاوێک نانێت، گرنگ نییە ناوەڕۆکی ئەو پێشنیازانەی ئێران لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات چین، چونکە هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات، ئەگەر پێویست بێت ئەوەی لە پرسی ئێران ماوەتەوە یەکلای بکەینەوە، ئەوا ئێمە بە تەواوی ئامادەین، هەرچەندە پێم باشترە ئەوەی لە ئێران ماوەتەوە وێرانی نەکەین، بەڵام لەوانەیە ناچار بین ئەوە بکەین".
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمەریکا کۆنترۆڵی هەموو ئەو شوێنانەی لە ئێراندا کردووە کە ویستوویەتی و زۆر بە زووییش هەمووان دەزانن بڕیاری واشنتۆن لەسەر تاران چی دەبێت، هەروەها ئاشکرای کرد کە چاوی بە "دمیتریێڤ"، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا کەوتووە سەبارەت بە داڕشتنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی ئەوروپا.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە لە ڕێگەی نێوەندگیریی قەتەرەوە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و تاراندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی هەشت مانگەی نێوانیان بەڕێوە دەچێت، ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" گەشبینیی خۆی دەربڕیبوو بەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەگەری ڕوودانی هەیە چونکە ئێران دەیەوێت لە زووترین کاتدا بگاتە چارەسەر، بەڵام هاوکات لە ناوەندە دیپلۆماسی و میدیاییەکاندا دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە کە پلانێکی ئەمەریکی بۆ لێدانی نوێ لە ئێران دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان ئامادە کراوە.







