دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە دوای گەیشتنی بۆ شاری "وێست پاڵم بیچ" لە ویلایەتی فلۆریدا ڕایگەیاند: سوپای ئەمەریکا ڕۆژی هەینی هێرشێکی نوێی سنوورداری دژ بە ئێران ئەنجام دا و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج، ترەمپ ڕوونی کردەوە کە پرۆسەکە زۆر بە خێرایی کۆتایی پێهاتووە و تەنیا چەند خولەکێکی کەم کاتی خایاندووە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئێران سیستەمێکی بەرگریی بچووکی دژەفڕۆکەی دانابوو، بەڵام هێزەکانی ئەمەریکا توانییان لە ماوەی نزیکەی 15 خولەکدا، یان ڕەنگە تەنیا لە 5 خولەکدا، بە تەواوەتی وێرانی بکەن، هاوکات لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ئەگەری بوونی "هێزێکی داگیرکەر"یش کرد بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکات.
لە بەرامبەردا، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە دەنگی دوو تەقینەوە لە ناوچەی "سۆزا" لە دوورگەی قشم لە گەرووی هورمز بیستراوە، کە وەک ڕێڕەوێکی ئاویی زۆر گرنگ بۆ گواستنەوەی نەوت دادەنرێت.







