ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا هەوڵەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکای بۆ لێپرسینەوە و لادانی لە پۆستەکەی بە گاڵتەجاڕی ناو برد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوانە لەسەر بنەمای پاڵنەری سیاسی و ناکۆکیی کەسین، نەک بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی گەورە، خیانەتی نیشتمانی یان وەرگرتنی بەرتیل.
پیت هێگسێت ڕوونیکردەوە کە لە مێژووی ئەمەریکادا نەبووە هیچ وەزیرێکی بەرگری لە کاتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا لە کارەکەی لاببرێت، هاوکات هۆشداریی دا کە ئەم هەوڵە پەیامێک بە دوژمنانی ئەمەریکا دەدات کە واشنتۆن سزا بەسەر شەڕکەرەکان و سەرکردایەتییەکەیدا دەسەپێنێت لە بەرامبەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە بە گوتەی ئەو ڕەوا و سەرکەوتوون.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە پشت ئەم هەوڵانەوە خواستی تەنیا یەک کەس هەیە بۆ قۆستنەوەی ڕۆژەکانی کۆتایی مانەوەی لە ناو کۆنگرێسدا بۆ زیانگەیاندن بە سەرۆکی ئەمەریکا و وڵاتەکە، جەختیشی کردەوە کە هێشتا کۆمارییەکان کۆنترۆڵی کۆنگرێسیان بەدەستەوەیە و پێویستە لەو ماوەیەی کە لەبەردەستیان ماوە دەستکەوتی سیاسی بەدەستبهێنن.
لە بارەی پرسی ئێرانیشەوە، وەزیری جەنگی ئەمەریکا بەرگریی لە بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ کرد و ڕایگەیاند: ئەمەریکا دەستپێشخەر نەبووە لە هەڵگیرساندنی شەڕەکەدا، بەڵکوو ئێران 47 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە، هاوکات دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ ئێران "سەرکەوتنێکی سەربازیی مێژوویی بە هەموو پێوەرەکانەوە" بەدەستهێناوە.







