عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی فریاکەوتن و تەنگژە و کارەساتەکانی کرد.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ تاوتوێ کران و زەیدی پوختەی ستراتیژیی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەنگژە و کارەساتەکان بەسەرکردەوە، کە لەلایەن ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانییەوە ئامادە کراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگیی دەستەبەرکردنی سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک، دەرمان و سووتەمەنی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر تەنگژەیەکی سروشتی یان مرۆیی، لەگەڵ پاراستنی دامەزراوە هەستیار و ژێرخانە سەرەکییەکان. هەر لەو چوارچێوەیەدا زەیدی ڕێنمایی دا بە وەزارەتی دارایی بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست بە مەبەستی دابینکردنی ئەو پێداویستییانە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەرک و فەرمانەکانی سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی تەنگژەکان و هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان خرانەڕوو، بە مەبەستی بەهێزکردنی هاریکاری لەگەڵ ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان.







