ئەمڕۆ شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە: دوابەدوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، هێزەکانیان توانیویانە دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (أ، ب، أ) و (ع، ج، أ) دەستگیر بکەن کە لە قەزای عەنکاوەی شاری هەولێر تەقەیان کردبوو و پشێوییان نابووەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا دەست بەسەر چەک و ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیراوە، هەروەها ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر.







