ئەمڕۆ هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنییەوە بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاند: لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتی و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەکاندا، بە هەوڵێکی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر، هێزە ئەمنییەکان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، کاتژمێر 8:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ ئەرکێکی تایبەت و لێدانێکی ئاسمانیی وردیان لە ناوچەی (ئاڵتوون کۆپری / پردێ) ئەنجام دا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشە ئاسمانییەکە لەلایەن فڕۆکەوانیی سوپاوە لە چوارچێوەی کەرتی بەرپرسیارییەتیی لیوای 32ـی پیادەی سەر بە فیرقەی هەشتی میکانیکی ئەنجام دراوە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ تیرۆریست کوژران، هەروەها ئەو چەکدارە تیرۆریستەشی کە کاری گواستنەوەی بۆ کردبوون دەستگیر کرا.
نووسینگەی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان لە پڕۆسەی گەڕان و پشکنینی وردی ناوچەکەدا بەردەوامن و لە ئایندەیەکی نزیکدا وردەکاریی زیاتر لەبارەی دەرئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بڵاو دەکەنەوە.







