د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی 11یەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شنگال ڕایگەیاند، ئازادکردنەوەی شارەکە لە 13ـی تشرینی دووەمی 2015 لەژێر ڕێبەرایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە بەشداریی زیاتر لە 7,000 پێشمەرگە و پێشکەشکردنی زیاتر لە 500 شەهید، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بوو لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە قەبارەی تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە پێکهاتەی ئێزدی کرد و گوتی: زیاتر لە 5,000 هاووڵاتی شەهید کراون، زیاتر لە 400 هەزار کەس ئاوارە بوون و 6,417 کەسیش ڕفێندراون؛ تاوەکو ئێستاش سەرەڕای ڕزگارکردنی 3,595 کەس، چارەنووسی 2,526 ڕفێندراو بە نادیاری ماوەتەوە.
لەبارەی بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکان، زێباری گوتی: لە چوارچێوەی هاوکاری لەگەڵ تیمی نێودەوڵەتیی "یونیتاد" (UNITAD)، زیاتر لە 57 گێگابایت بەڵگە و سەرووی 3,000 کەیسی تاوانەکانی داعش تۆمار کراون، هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی ئەو تاوانانەی وەک جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساندووە. هاوکات لە کۆی 93 گۆڕی بەکۆمەڵ کە لە شنگال دۆزراونەتەوە، 37 گۆڕ هەڵدراونەتەوە و ڕووفاتی 296 قوربانی بە پشکنینی DNA ناسێنراونەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە، د. دیندار زێباری جەختی لە پێویستیی جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگال (واژۆکراوی تشرینی یەکەمی 2020) لە نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە و ئاشکرای کرد کە بەهۆی نەبوونی ئاسایش، کەمیی خزمەتگوزاری و پەککەوتنی ئاوەدانکردنەوە، هێشتا زیاتر لە 75%ـی دانیشتووانی شنگال لە کەمپەکاندا لە دۆخی ئاوارەییدا دەژین.







